پاڵپشتی دارایی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە و هەسەدە کەمکرایەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگری بۆ ساڵی داھاتوو پەسەند کرد و ملیۆنان دۆلار بۆ ھاوکاری ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزەکانی سوریای دیموکرات کەمکراوەتەوە.

رۆژی پێنج شەممە، ٧ی کانونی یەکەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگری وڵاتەکەی پەسەند کرد، کە بڕەکەی ٨٥٨ ملیار دۆلارە.

لە پڕۆژە یاساکەدا، زیاتر لە ٤٨٧  ملیۆن دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و سوریا دابین کراوە، کە ساڵی رابردوو بڕەکەی زیاتر لە ٥٤٢ ملیۆن دۆلار بووە.

لەو بڕە، ٣٢٢ ملیۆن و ٢٠٤ ھەزار دۆلار بۆ ھاوکاری پێشمەرگە و سوپای عێراق لە روبەڕوبوونەوەی داعش دیاریکراوە، لەکاتێکدا داوای ٣٥٨ ملیۆن و ١٥ ھەزار دۆلار کرابوو.

ھەروەھا پشکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ١٨٣ ملیۆن و ٦٧٧ ھەزار دۆلارەوە بۆ ١٦٥ ملیۆن و ٣٠٩ ھەزار دۆلار کەمکراوەتەوە.

پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگری ئەمریکا لە چوار ھەزار پەڕە پێکھاتووە و  بە زۆرینەی دەنگی کۆماری و دیموکراتییەکان پەسەندکراوە و پێویستە ئەنجومەنی پیرانیش دەنگی لەسەر بدات و دواتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا واژوی لەسەر بکات.