لە رۆژھەڵاتەوە بۆ باشور؛ کۆچی قاچاغ دەستیپێکردووە

964+

ئەحمەد مستەفا- سلێمانی

نزیکەی سێ مانگە خۆپیشاندان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران درێژەی ھەیە، بەھۆی فەرمانی بەربڵاوی دەستگیرکردنەوە کۆچی قاچاغ لەو وڵاتە بەرەو وڵاتی دووەم دەستیپێکردووە کە لەناویاندا، ھەرێمی کوردستان ھەیە، بە وتەی رێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤ، “بەشێک لەوانەی ئێران جێدەھێڵن بریندارن”.

شاھین بانەیی، کە کوردێکی دانیشتووی بانەیە و شەوی ٦/٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ بە رێگەی قاچاغ لە گوندی ھانەژاڵەی نزیک مەرزی سەیرانبەن بە قاچاغ ھاتووەتە قەزای پێنجوێن لە ھەرێمی و کوردستان و دواتر ھاتووەتە ناوەندی سلێمانی، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ 964+ باسی لەوە کرد، لە رێگەی ھەواڵدەرێکەوە زانیویەتی کە ناوی لە لای پۆلیسی بەسیجی حکومەتی ئێران ھاتووە کە دەستگیربکرێت، ئەویش “بە ناچاریی” وڵاتەکەی بە رێگەی قاچاغ جێھێشتووە.

شاھین بانەیی، ناوی خوازراوی ئەو کوڕە تەمەن ٢٣ ساڵەیە کە خوێندکای زانکۆی کوردستانە لە شاری سنە، بە وتەی خۆی، بەشداری زۆرێک لە خۆپیشاندانەکانی کردووە کە لە سێ مانگی رابردوو بەڕێوەچوون.

“زۆر شڵەژابووم کاتێک بیستم دەستگیردەکرێم، وتم نابێت خۆم بەم بەدەست حکومەتێکەوە کە رەحمی نییە، بە ناچاریی خێزان و کەسوکارم بەجێھێشت و بڕیارمدا بە قاچاغ بێمە ھەرێمی کوردستان، خزمێکم لێرەیە (لە سلێمانی) وتی داوادەکەین مۆڵەتی نشینگەی کاتیت بۆ بکەن”، شاھین وای وت.

لە زۆرینەی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، خۆپیشاندان و مانگرتن بەرێوەچوون، تەنیا لەھەر چوار پارێزگای رۆژھەڵاتی کوردستان (ئیلام، سنە، ورمێ و کرماشان) لە نزیکەی ٤٠ شار و ناوچە خۆپیشاندان بەڕێوەچووە.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، تاوەکو ئێستا بە گشتیی لە ئێران بەھۆی تەقەی راستەوخۆی ھێزەکانی ئەمنی، ٤٦٩ کەس کوژراون، کە ١٣٣یان کوردن، بەڵام بریندارەکان زیاترن لە ١٠ هەزار کەس.

لە زاری حکومەتی ئێرانەوە ئاماژە ناکرێت بە ژمارەی دەستگیرکراوان یان ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەیە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش بە ھەزاران کەس مەزەندەیان دەکەن کە لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکرابن، بەڵام بەپێی سۆراغی 964+، روونبووەتەوە کە بەشێکی بەرچاو لەو کەسانە رێگەی سێیەمیان بۆ دەربازبوون ھەڵبژاردووە و بەقاچاغ وڵاتەکەیان بەجێھێشتووە.