داربڕینەوە لە نێوان گەرما و گیرفاندا

964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

ر.ر گەنجێکی دانیشتووی ناحیەی خورماڵە لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەو ماوەی چەند ساڵێکە بۆ داربڕینەوە روودەکاتە ناوچە سنوورییەکان و دەڵێت، “خەڵک نەوتی نییە”، سۆراغێکی 964+ ئاشکرایکردووە بەشێک لەو دارانە لە بازاڕدا دەفرۆشرێنەوە، لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا، ١٤١ کەس بە هۆکاری داربڕین دەستگیرکراون.

لە سنوری پارێزگای سلێمانی، پۆلیسی دارستان لە قەزای پێنجوێن تا چەمچەماڵ سنووری چالاکییەکانیەتی، کە ١٠ قەزا و ٢٤ ناحیە لە خۆ دەگرێت، پەیامنێری 964+ بەدواداچونێکی مەیدانی کرد و دەرکەوت، ژمارەیەک هاوڵاتی بە مەبەست داری ناوچە سنورییەکان دەبڕنەوە و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە.

ر.ر کە تەمەنی ٢٣ ساڵە، دانیشتووی ناحیەی خورماڵە، ئەو هاتووەتە ناوچە سنوورییەکانی نزیک لە مەرزی مڵەخورد (ئێران – عێراق) لە ناوچە شاخاوییەکانی هەسوون و هەورامان، لەگەڵ هاوکارێکی دار دەبڕێتەوە و بە دوو گوێدرێژ دەیانگوازێتەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێل، ئەو وتی، “نەوتی حکومەتم ناوێت، داربڕینەوەکەش قورس و ناچارییە، یان بەرکاریدەهێنین یان پێویست بکات بە خەڵکی دیکەشی دەدەین”.

پۆلیسی دارستان لەو ناوچانە، رێنمایی داوە کە بە ئاگاداری ئەوان لق و پۆپی دارەکان ببڕنەوە، یان ئەو لقانەی کە شکاون بەهۆی رەشەباوە لێ بکرێنەوە، بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان داربڕینەوە بە هەر هۆکارێک بێت قەدەغەیە، ئەگەر دارێک تەمەنی لە ٥٠ ساڵ سەروتر بێت سزا مادییەکەی پێنج ملیۆن دینارە، دادوەریش یاسا رێگەی پێداوە ٢٤ کاتژمێر بۆ پێنج ساڵ کەسی تۆمەتبار بە زیندانیکردن سزا بدات.

مقەدەم هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964+ی وت، “لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا هێزەکانیان توانیویانە ١٤١ دەستگیربکەن، کە بۆ گیرفان پڕکردن یان بە مەبەستی سوتاندن داری ناوچە شاخاوی و سنورییەکانیان بڕیوەتەوە”.

بە وتەی کەمەرخان، بەشێک لەو هاوڵاتیانەی داری ناوچە سنورییەکانیان بڕیوەتەوە دانیشتووی ناو شارەکانن، کە بە مەبەستی فرۆشتنەوەی ئەو کارەیان کردووە و دەشڵێت، “بەشێکیان لە دانپێدانانەکاندا وتوویانە نەوتیان نییە، بەڵام ئەم بیانووانە جێگەی قبوڵکردن نین بۆ کارەکەیان”.

ناوچە شاخاوی و سنورییەکان لە پارێزگای سلێمانی فراوانن، ئەوەش کاریگەری داناوە لەسەر توانای پۆلیسی دارستان بۆ رێگرتن لە بڕینەوەی داری دارستانەکان، وتەبێژەکەی پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت، “کارمەندێکی زۆرمان خانەنشین بوون، چەند جارێک داوامانکردووە میلاکمان بۆ زیادبکرێت کە ئەمە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆنترۆڵکردنی زیاتری دارستانەکان دەبێت”.