خانووە بەرکەوتووەکانی تەقینەوەکەی سلێمانی چییان بەسەرهات؟

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

لەگەڵ داڕمانی خانووەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی بەهۆی تەقینەوەی غاز، ژمارەیەک خانووی دیکەی دراوسێی بەرکەوتن و بەشێکیان داڕما، ئەو خانووانە تاوەکو ئێستا وەکو خۆیان ماونەتەوە.

کامەران و حسێن دوو دراوسێی ماڵی حاجی مەزھەرن کە خانوەکانیان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و پاش ئەو بەڵێنانەی لایەنەکان پێیان داون تا ئێستا چاوەڕوانی نۆژەنکردنەوەی خانوەکانیانن.

حسێن رەحمان بە 964+ی وت، تا ئێستا لەبارەی ئەو بەڵێنانەی پێیاندراوە هیچ شتێک نازانێت، لەبەرئەوەی لایەنە بەڵێندەرەکان هێشتا دەنگیان نییە.

باسی لەوەکرد، ئەوەی دەبیندرێت خانوەکەی هەردوو قاتەکەی وێران بووە، پێویست دەکات سەقفەکانی خانوەکەی لاببرێت لەبەرئەوەی تەقیوە و بێجگە لەوەی کەل و پەلی ناو ماڵەکەی ھیچی بە کەڵکی بەکارھێنان نەماون.

حسێن دەڵێت، تا ئێستا چوار بۆ پێنج لیژنە چوونەتە سەر ماڵەکەی بۆ خەمڵاندن، بەڵام ھیچیان پێ نەوتوون.

964+ دەزانێت، لیژنەکان لەلایەن بەرگری شارستانی سلێمانی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گشتی یەکێتیەوە رۆشتوون.

بە قسەی خۆی، ئێستا حسێن و خێزانەکەی لە ماڵی برایەکی خۆی دەژیێت.

کامەران حەمە ساڵح، کە ئەمیش ماڵەکەی زیانی بەرکەوتووە، بۆ 964+ی روونکردەوە، کە هیچ لایەک هەنگاوی کرداریی نەناوە بۆ چاککردنەوەی خانووەکانیان.

 بە قسەی خۆی، لیژنەی ئەندازیاری پێیان وتووە، کە دەبێت خانووەکەی بڕوخێندرێت و سەرلەنوێ دروست بکرێتەوە.

ئەوەی خستەڕوو، ئیدارەی گشتی یەکێتی پێیان راگەیاندووە، دەرخستەی دروستکردنەوەی خانوەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ سەرو خۆیان، بە ھەمانشێوە پارێزگاری سلێمانی و لایەنی حکومی لیژنەیان ناردووە و بەڵێنیان پێداون، بەڵام نازانرێت کەی کارەکان جێ بەجێ دەکرێت.

خانووەکەی کامەران دەکەوێتەی پشتی ماڵی حاجی مەزھەر و رووبەڕەکەی ١٥٠ مەترە.

جگە لە ماڵی حاجی مەزهەر، چوار برینداریش لە ماڵی کامەران هەبوون، کە برینەکان سوک بوون و بە پەڕینی شوشەی پەنجەرەکان بریندار بووبوون.

 شەوی ١٧ی ١١ی ٢٠٢٢، تەقینەوەی غاز لەو ماڵەی سلێمانی روویدا، تیایدا ١٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ی دیکەش برینداربوون.