شانۆیی سرودێک بۆ ئیکارۆس لە سێ پارێزگا نمایش کرا
964+
شاڵاو عەلی – سلێمانی
شانۆکارانی هەڵەبجە، شانۆیی سرودێک بۆ ئیکارۆسیان، لە هەڵەبجە، سلێمانی و هەولێر نمایشکرد.
عوسمان جەمیل، ئەکتەر لە شانۆگەرییەکەدا بە 964+ـی وت، ئەرکێکی زۆرمان کێشاوە بە پرۆڤەکردن، چونکە بڕیارمان دابوو کارێکی جیاواز بکەین هەربۆیە کاتێکی باشمان تەرخانکردبوو بۆ مەشقکردن جگە لە سلیمانی و هەڵەبجە، شانۆیەکەمان بەشداربوو لە حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی هەولێر.
زریان حەکیم، کە بە رۆڵی چەند کەسایەتیەک بەشداری نمایشەکەی کردووە دەڵێت؛ ئەم کارەمان زۆرترین وزەی بردویین، بەو پێیەی چەندین گرفتی بۆدروست کردوین تاوەکوو هاتووەتە بەرهەم، لەبەر ئەوەی کارەکە لە ڕووی فۆرم و کارەکتەرەوە جیاواز بووە بۆیە قورسترین کارمان بووە کە کردومانە.
راڤیار نەوزاد، دەرهێنەر و دراماسازی کارە شانۆییەکەش بۆ 964+ باس لەوەدەکات؛ تا ئێستاش گرفتی نەبوونی هۆڵی نمایش بەرۆکی گرتوون و پاش ١٦ ساڵ لەبەڵێنی حکومەت هێشتا هۆڵێکی نمایشیان بۆدروست نەکراوە، بۆیە بۆ شانۆییەکی وەها کە بینەرێکی زۆرمان هەبوو، گرفتی سەرەکیمان نەبوونی هۆڵ یان هۆڵی بچوک بووە بۆ نمایشەکانمان.
شانۆیی سرودێک بۆ ئیکارۆس لەهەرسێ پارێزگای هەڵەبجە، هەولێر و سلێمانی نمایش کراوە و نزیکەی ١٠ ئەکتەر ڕۆڵی تێدا دەگێڕن.