پەرلەمانتارانی کوردستان سەرقاڵی مۆندیالن

964+
زینوێ حەسەن – هەولێر

بەشێک لە پەرلەمانتارانی کوردستان سەرقاڵی تەماشاکردن و خستنەڕووی سەرنج و رەخنەکانیانن لەسەر یارییەکانی مۆندیالی قەتەڕ.

بە سۆراغی 964+، بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان لە تۆڕەکانی كۆمەڵایەتی بابەتی جیاواز لەسەر مۆندیال دەنوسن و سەرنجی خۆیان دەخەنەڕوو، ئەوەش کاردانەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە.

964+ سەرنجیدا، زیاتر لە حەوت پەرلەمانتار بە شێوەیەکی چالاکانە خەریکی چاودێریکردنی مۆندیالن و لە پەڕەی تایبەتی خۆیان قسە لەبارەی یارییەکانەوە دەکەن.

لە کۆی حەوت پۆستی ئەو پەرلەمانتارانە، زیاتر لە هەزار کۆمێنت نوسیویانە، “ئێوە پێویستە سەرقاڵی کاروباری هاوڵاتیان بن، نەک مۆندیال”.

لای خۆیەوە، دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، کە زۆرترین پۆستی لەسەر مۆندیال كردووە لە فەیسبوك، بە 964+ی وت، “ئێمە بە دوای خەمی هاوڵاتیانیشەوە چوین و كارمان بۆ كردووە، بابەتی مۆندیال شەخسیە و ئارەزووییەکی خۆمانە”.