24 سەعاتیان دراوەتێ
زێڕنگەرەکانی کەلار حاڵیان خراپە
+964
هونەر فارس
شارەوانیی کەلار بە زێڕنگەرەکانی وتووە تا سبەی دەبێ یەک دانەشیان لە بازاڕە بەناوبانگەکەی ئەو شارە نەمێنن و هەموویان چۆڵی بکەن، ئەوانیش دەڵێن بۆ خاتری خوا ئەگەر تووریش بفرۆشین ناتوانین بە شەو و رۆژێک دوکانە پڕ لە زێڕەکان بەتاڵ بکەین.
کێشەی نێوان بازاڕی زێڕنگەران و شارەوانیی کەلار تازە نییە، چەند مانگێکە شارەوانی دوکانەکانی ئاگادار کردووەتەوە دەبێت ئەوێ جێبهێڵن، چونکە لە زیادکردنی ئاشکرادا زەوییەکەی بە موساتەحەی بیست ساڵ داوە بە بازرگانێک بۆ ئەوەی بیکاتە باڵەخانەی بازرگانی.
بازاڕی زێڕنگەرانی کەلار دەکەوێتە شوێنێکی زۆر دیار و بازرگانیی شارەکەوە 23 دوکانی زەرەنگەڕی تێدایە، لەگەڵ چەند دوکانێکی مۆبایل و نانەواخانەیەک، هەموویان پێکەوە دەبنە 32 دوکان.
پەیامنێری 964 چووە بازاڕی زێڕنگەڕەکان و لە وەزع و حاڵیانی پرسی، هەموویان توڕە و ناڕەحەت بوون، دەڵێن شتی وا نییە بتوانین بە 24 کاتژمێر چۆڵی بکەین، ئەی ئەو هەموو زێڕە چی لێبکەین؟
دووان لە زێڕنگەرەکانی ئەوێ وتیان لانی کەم سێ بۆ پێنج مانگمان پێویستە تا دوکانێکی تازە بگرین و تەعمیری بکەین و بچینە ناوی، بۆیە با شارەوانی لەسەرمان بوەستێت.
ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانیی کەلار بە 964 وت، تا ئێستا هیچ یەکێک لە دوکاندارەکانی بازاڕەکە سەردانیان نەکردوون بۆ ئەوەی داوای درێژکردنەوەی ماوەکە بکەن، وتی ”ئەو کەسەی زەوییەکەی وەرگرتووە مافی ئەوەی هەیە ماوەکەیان بۆ درێژ بکاتەوە یان نا، چونکە ئەگەر لە وادە دیاریکراوەکە چۆڵی نەکەن، ئەوا رووبەڕووی یاسا دەبنەوە”.