دوای سێ مانگ پردەکەی ناحیەی قەسرۆک نۆژەندەکرێتەوە

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

لە دوای بارانە بەخوڕەکەی زستانی ئەمساڵ، زیان بەر پردی ناحیەی قەسرۆک کەوت، دوای زیاتر لە سێ مانگ، ئێستا دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکرێت.

رۆژی 12.4.2023 بارانێکی بەخوڕ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە پارێزگای دهۆک زیانێکی زۆری بۆ شوێنی گەشتیاری و هەندێک پرد گەیاند، پردی ناحیەی قەسرۆک کە قەزای شێخان لەگەڵ ناحیەی گردەسێن بەیەکەوە دەبەستێت زیانی زۆری بەرکەوت.

رێدیر سلێمان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی دهۆک بە 964ـی وت، بڕیارە لە ماوەی 45 رۆژدا پردەکە نۆژەنبکرێتەوە، پارێزگای دهۆک 135 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکردووە.

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی رێگاوبانی دهۆک ئەوەشی وت، پێشووتر بۆ هاتوچۆی دوو ئۆتۆمبێل زەحمەت بوو، نیازمان وایە فراوانی بکەین.

964 دەزانێت، دوای دروستبوونی مەترسی لەسەر رووخانی پردەکە، هاتوچۆ لێیەوە قەدەغە کرا و رێگایەک وەک جێگرەوە دیاریکرا، بەڵام لەلایەن هاوڵاتیانەوە ناڕەزایی زۆری دروستکرد، بەهۆی ئەوەی رێگاکە بۆ هاتوچۆ قورس بوو، ئەمەش بە وتەی هاوڵاتییەک کە هاتوچۆی بەو رێگایە بووە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی