مردن و بریندار هەیە
لە یەک رۆژدا شەقڵاوە پێنج رووداوی هاتوچۆی هەبووە
+964
ئاکام غەفور – هەولێر
لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە سنوری قەزای شەقڵاوە، پێنج رووداوی هاتوچۆ روویانداوە، بەو هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
سێ لە رووداوەکان لەناو شەقلاوە بوون و دوو رووداوەکەی دیکە لە دەرەوەی شار روویانداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.7.2023، هاشم کەریم رێپێدراوی هاتوچۆی شەقڵاوە بە 964ـی راگەیاند، لە دوێنێ شەو کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 6:00، پێنج رووداوی هاتوچۆ روویانداوە لە شەقلاوە.
سێ لە رووداوەکان بەهۆی پێکدادان بووە و دوو رووداوەکەی دیکە بەهۆی وەرگەڕان روویانداوە.
بە وتەی هاشم کەریم، “هۆکاری رووداوەکان کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونی شۆفێرەکانە بە رێنماییەکانی هاتوچۆ.”
قەزای شەقڵاوە 50 کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە، یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر. بەهۆی ئەوەی رێگای سەرەکیە لە هەولێرەوە بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سۆران، لە وەرزی هاویندا قەرەباڵغیەکی زۆر هەیە لەم رێگایە.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر