فێستیڤاڵەکەی چەمچەماڵ دواخرا

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

پێنجەمین فێستیڤاڵی شانۆی قەزاکان لە چەمچەماڵ، بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخرا، رێکخەرەکانی دەڵێن بۆ خۆئامادەکردن کاتی زیاترمان دەوێت و بەشێک لە گرووپە بەشداربووەکان مەجالیان نابێت.

پێشتر رێکەوتی 21.9.2023 وەک کاتی دەستپێکردنی فێستیڤاڵەکە دەستنیشانکرابوو، بەڵام ئێستا بڕیارە لە رێکەوتی 28.9.2023 دەستپێبکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت.

پێنجشەممە 27.7.2023، بەختیار شەریف قوربانی، بەڕێوەبەری رۆشنبیری چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، “هۆکاری دواخستنی فێستیڤاڵەکە بۆ ئەوەیە زیاتر کات بدرێت بە تیپە شانۆییەکان بۆ خۆئامادەکردن”.

دەشڵێت، هۆکارێکی دیکەی دواخستنی فێستیڤاڵەکە ئەوەیە، لە نێو مانگی نۆی ئەمساڵ، لە وڵاتی ئێران فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی بۆ شانۆی سەرشەقام بەڕێوەدەچێت، یەکێک لە گرووپە باشەکانی شانۆی چەمچەماڵ بانگهێشتی وڵاتی ئێران کراون، بەمەش 10 هونەرمەندی شارەکە لەو کاتەدا ناتوانن بەشداری فێستیڤاڵەکە چەمچەماڵ بن.

تا ئێستا نۆ تیپی شانۆیی ناویان نوسیووە بۆ بەشداریکرن لە فێستیڤاڵەکە و لە رێکەوتی 15.8.2023ـوە لیژنەی هەڵسانگاندنی تیپە شانۆییەکان و دەقەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

فێستیڤاڵی شانۆی قەزاکان لە چەمچەماڵ، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2011 بەڕێوەچوو، تا ئێستا نۆ تیپی شانۆیی ناوی خۆیان نوسیوە بۆ ئەوەی دوای هەڵسەنگاندنی دەقە شانۆییەکانیان بەشداری فێستیڤاڵەکە بن.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر