پارەکانیان پێدەدرێت

پارێزگای هەولێر: کێشەی جوتیاران چارەسەر کرا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هەموو ئەو جوتیارانەی پارێزگای هەولێر کە گەنمیان رادەست بە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کردووە، دەتوانن لە سبەینێوە شایستە داراییەکانیان وەربگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27.7.2023، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، کێشەی جوتیاران چارەسەرکرا و ئەو کارگەیەی کە گەنمەکەی لێوەرگرتوون، سبەی لە ناحیەی شەمامک بە هەمان نرخی سایلۆکانی عێراق، چەکی بانکیان پێدەدات.

دەشڵێت، “ئەو لیژنەیەی دەستنیشانکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جوتیاران، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا رێکار و رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەبەر، کە کەمتەرخەمبوونە لە وەرنەگرتنی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی هەولێر”.

کارگەی داسی سەر بە کۆمپانیا خۆشناو راسپێردرابوو بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەولێر، تا ئێستا نزیکەی حەوت هەزار و 500 تۆن گەنمی وەرگرتووە.

کارگەکە هەر تۆنێک گەنمی بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران وەرگرتووە و دەبێت پارەکەیان پێبدات.