لە بامەڕنێ

ئاگر 17 کەرەڤانەی ئاوارەکانی شنگالی سووتاند

964+
زەید کۆچەر

نزیک بە کاتژمێر 1ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ئاگر لە کەمپی داودی لە ناحیەی بامەڕنێ کەوتەوە، بەهۆیەوە 17 کەرەڤانەی ئاوارەکان سووتان و خەڵکەکە تا بەیانی لە دەرەوە مانەوە.

ناحیەی بامەڕنێ دەکەوێتە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.

ئەو کەمپە زیاتر لە 200 خێزانی ئاوارەکانی شنگالی تێدایە.

لەوبارەیەوە، عومەر محۆ ئەحمەد کە بەڕێوەبەری قوتابخانەی کەمپەکەیە بە 964ـی وت، “کاتژمێر 1ـی شەو بوو، ئەوەندەمان زانی ئاگرێکی گەورە لە کەمپەکە کەوتەوە، یەکسەر خەڵکەکە دەسیان بە کووژاندنەوەی کرد و دواتر بەرگری شارستانیش هات، بەڵام دوای سێ کاتژمێر توانرا بەتەواوەتی کۆنترۆڵ بکرێت”.

بەپێی لێکۆڵینەوەی بەرگری شارستانی دەڤەرەکە، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە کەوتووەتەوە.

964 دەزانێت، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی زۆری هەبووە.