زیاتر لە دوو هەفتەیە بەهۆی خۆپیشاندانەوە ماڵی خۆیانی نەبینیوە

964+
هونەر فارس

کۆنە بەنزینخانەیەکی چۆڵی کردووە بە ماڵ، خەو و خواردن و سەرچاکرکردن و تەنانەت خۆ شووشتنیشی هەر لەوێیە.

هیوا رەشید، گەنجێکی مانگرتووی قەزای کفریە و نزیکەی 20 رۆژە لەگەڵ هاوشاریانی، بەرامبەر پەراوێزخستنی قەزاکەی، لەژێر چادرێک دەمێنێتەوە و بەوهۆیەوە ماڵەوەی نەبینیوە، دایکیشی حەسرەتی بینینی کوڕەکەی تاوی بۆ دەهێنێت و دەچێتە خێوەتی مانگرتووان بۆ ئەوەی کوڕەکەی ببینێت، هەر بۆ ئەوەی باوەشێکی پێدابکات.

ئەو دایکە هەرچەندە نیگەرانە و لە خەمی کوڕەکەیدایە، بەڵام پشتگیرێکی باشی هیوایە و دەڵێت تا بەدەستهێنانی مافەکانی لەگەڵی دەبێت و سەردانی دەکات.

هاوڵاتیانی قەزای کفری نزیکەی 20 رۆژە خێوەتیان دژی پەراوێزخستنی قەزاکەیان هەڵداوە و هێشتا ئامادەنین سازش لە داواکاریەکانیان بکەن.

مانگرتووانی کفری داواکارییان زۆرە، بەڵام سەرەکیترینیان، رەخساندنی هەلیکار و خزمەتگوزارییە لە قەزاکەیان، خۆیشیان دەڵێن ئەو بەڵێنانەی لە چەند رۆژی رابردوودا پێیاندراوە لە تموحی ئەواندا نییە، هەربۆیە نایانەوێت خێوەتەکەیان چۆڵبکەن.