%10یان مۆڵەتیان هەیە

هەرێمی کوردستان خاوەنی چوار هەزار حەوزی ماسیە

964+
پێشەوا محەمەد

بە قسەی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی، لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی بوونیان هەیە و داواش دەکرێت حەوزی داخراو بنیات بنرێت بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کەرتەکە.

پڕۆژەکان لە زیادبووندان و زۆری خواست لەسەر ماسی وای کردووە بازرگانان روو لە دروستکردنی حەوز بکەن.

بەگوێرەی داتای وەزارەتی کشتوکاڵ، تەنیا 412 پرۆژەی فەرمی و مۆڵەتپێدراوی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستان هەن.

سەڵاح مەجید، سەرۆکی کۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی بە 964ـی راگەیاند، چوار هەزار حەوزی بەخێوکردنی ماسی هەن بە فەرمی و نافەرمیەوە، ئەگەر گرنگی زیاتر بە سامانی ماسی بدرێت دەتواندرێت هەناردە بکرێت و ئاستی خۆبژێوی تێپەڕێنێت.

وتیشی، “گرنگە حەوزی ماسی داخراو دروست بکرێت و بازاڕ بۆ بەرهەمەکە بدۆزرێتەوە، هەروەها خولی هۆشیاری و مامەڵەکردن و بەخێوکردنی ماسی بۆ خاوەن حەوزەکان بکرێتەوە”.

بەرهەمی ناوخۆی ماسی کەمترە لە هەشت هەزار تۆنی ساڵانە، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی بە 12 هەزار تۆنە.