لە نزیک قەسابخانە و باخی هاوڵاتیان

چەندان گولە هاوەن و ئارپیجی دۆزرانەوە

964+

توانا نەقی

لە نزیک قەسابخانەی پێنجوێن و لە گوندێکی ئەو سنورەش چەند گولە هاون و ئارپیجییەک دۆزرانەوە و گواستراونەتەوە بۆ چارەسەر کردن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی مینی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، کە پشوو رێگر نییە لە کارەکانیان و توانراوە ئەو تەقەمەنیانە بە سەلامەت دەربهێنرێت و بگوازرێتەوە.

تەقەمەنییەکان پێکهاتوون لە گولە ئارپیجییەک لە نزیک قەسابخانەی پێنجوێن و هەروەها سێ گولە هاوەنی 82 ملم لە نزیک پەرژینی باخی هاوڵاتیەک لە گوندی کێلوی هەر لەو سنوورە.

ئەوەش هاتووە، لەلایەن دوو هاوڵاتییەاوە دەزگای مین ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی ئەو تەقەمەنیانە لەو شوێنانە.

سەرجەم ئەو تەقەمەنیانە بە هاوکاری ئاسایشی پێنجوێن گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو تاوەکو لە داهاتوودا لەناوببرێن.