پاڵەوانیەتی نیشانەشکاندنی کوردستان دەستیپێکرد

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

پاڵەوانیەتی کراوەی نیشانشکاندنی یانەکانی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستی پێکرد.

بەسەرپەرشتی فیدراسیۆنی کوردستان و لە هۆڵی نوێنەرایەتی سلێمانی لیژنەی ئۆڵۆمپی کوردستان، پاڵەوانیەتی کراوەی نیشانشکاندن بۆ هەردوو ئاستی کوڕان و کچان دەستی پێکرد بۆ هەردوو جۆری دەمانچە و تفەنگ.

عەتا عەبدوڵا، سەرۆکی فیدراسیۆنی کوردستان بە 964ـی وت، لە ئەمڕۆ هەینییەوە پاڵەوانیەتییەکە دەستی پێکردووە و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت کە هەر یاریزانێک 60 ساچمە لەسەر 30 کارت بەکاردەهێنێت.

وتیشی، ئەم یارییە لە کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی گرنگی زۆری پێدەدرێت و لەسەر هەردوو ئاستی کوڕان و کچان یاریزانانی ئاست بەرزمان هەیە.

پاڵەوانیەتییەکە بە بەشداری 14 یانەیە، لە شاری سلێمانی هەریەک لە یانەکانی پێشمەرگە، سلێمانی، ئاشتی، ئافرۆدێت و کلدان بەشدارن و یانەکانی پێشکەوتن، قەڵا، بروسک، جیهان و هەندرێن نوێنەرایەتی شاری هەولێر دەکەن و لە شاری کەرکوکیش سۆلاف و بابە گورگور و خاک و ئاڵتون کۆپری بەشداریانکردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی