پاڵەوانیەتی شەترەنج لە کەلار ئەنجامدرا

964+

هونەر فارس – کەلار

ئەمڕۆ هەینی لە قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان پاڵەوانیەتییەکی کراوەی یاری شەتڕەنج لەسەر ئاستی عێراق کرایەوە.

پاڵەوانیەتییەکە لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوان بە بەشداری 53 یاریزانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و پاڵەوانانی یاریەکە بوونە خاوەنی خەڵات.

پاڵەوانیەتییەکە لە ژێر چاودێری ناوبژیوانانی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەچوو، تیادا ئاریان عەلی یاریزانی شەترەنجی هەڵبژاردەی عێراق لەکۆی 53 یاریزان، پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

تەلعەت سەعدوڵا، بەڕێوەبەری وەرزشی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، خولەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی گەرمیانەوە کراوەتەوە و 53 یاریزان بەشداربوون تیایدا.

وتیشی، ساڵانە ئەو خولە دەکەنەوە ساڵی پار نێودەوڵەتی بووە بەڵام ئەمساڵ نەیانتوانییوە بیکەن بە نێودەوڵەتی، لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو لەگەڵ یەکێتی شەترەنجی جیهانی خولەکە بکەنەوە و نێودەوڵەتی بێت.

یاریزانانی خولەکە لە هەریەک لە شارەکانی کەلار، کفری، سلێمانی، دیالە، دهۆک، هەولێر، خانەقین، دەربەندیخان، جەلەولا و چەند شارێکی دیکەی عێراق و کوردستان بەشداربوون، تەلعەت سەعدوڵا وای وت.

ساسان عەبدولغەنی سەرۆکی یەکێتی شەترەنجی سلێمانی، کردنەوەی ئەم جۆرە پاڵەوانیەتیەی بە گرنگ وەسفکرد.

ئەو بۆ 964 وتیشی، دیاریکردنی ئەنجامی پاڵەوانیەتییەکە لە رێگەی سیستمی کۆمپیتەرەوە دەبێت و هیچ فرت و فێڵێک لە دیاریکردنی ئەنجامەکاندا روونادات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی