رێکخراوی ئایندە: هەرێم هیچ یەک لە سەرچاوە سروشتیەکانی سەلامەت نین

964+

فەهمی نەبی

لەهەندێک وڵات ئەمڕۆ رۆژی جیهانی پاراستنی سروشتە، بەڕێوەبەری رێکخراوێکی ژینگەیی دەڵێت، سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێم هیچیان سەلامت نین.

ئەمڕۆ 28 ی تەمووز، لە هیندستان و بەشێک لە وڵاتان، وەک رۆژی پاراستنی سروشت دیاریکراوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی کەمکردنەوەی مەترسییەکان لەسەر سامانە سروشتییەکان، بەتایبەت ئەمڕۆژە لەلایەن سیستمی زانیاری ژینگەیی (ENVIS) لە نیودلهی پاڵپشتی دەکرێت.

مەعروف مەجید، لێپرسراوی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، “بەپێی ئەو بەدواداچوونەی ئێمە کردوومانە، هەموو سامانەکانی سروشتی هەرێم رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە”.

لێپرسراوی رێکخراوی ئایندە ئەوەش دەڵێت، “یەکێک لەو سامانانەی مەترسی گەورەی لەسەر دروست بووە سامانی ئاوە، ساڵانە لە وەرزی زستان ئەو هەموو بارانە دەبارێت کەچی بەشی هەرە زۆری بەفیڕۆ دەڕوات، هەروەها لێدانی بیری نایاسایی، مەترسیەکی گەورەی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروستکردووە، بەپێی یاسا نابێت نێوانی دوو بیر لە 500 مەتر کەمتر بێت، بەڵام بەڵگەمان لایە، نێوانی بیرێک بۆ بیرێکی دیکە لەهەندێک شوێن 10 مەتر بووە”.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان تا مانگی 12ی ساڵی 2022 ژمارەی ئەو بیرانەی بێ مۆڵەت لێدراون، گەیشتووەتە 28 هەزار و 410 بیر

لەبارەی سامانی دارستان، مەعروف مەجید وتی، لە وەرزی زستان بۆ خۆ گەرمکردنەوە خەڵکێکی زۆر پەنا دەبەنە بەر بڕینەوەی دار، لە وەرزی هاوینش کەوتنەوەی ئاگر، ئەمانە مەترسیەکی گەورەیان لەسەر ئەو سامانە دروستکردووە.

سەبارەت بە سامانی ئاژەڵ و باڵندە، لێپرسراوی رێکخراوی ئایندە دەڵێت، بەهۆی زۆری ژمارەی راو بەشێوەی نایاسایی، هەڕەشەیەکی جدی لەسەر سامانی ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دروستبووە، کاریگەرییەکانی لە ئایندە دەردەکەون.

بەوتەی ئەو لێپرسراوەی رێکخراوی ژینگەیی، مەترسیەکی دیکە لەسەر سامانی خاکی هەرێم هەیە، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی خانوو و دانیشتوان، هاوکات دستکاریکردنی زەوی کشتوکاڵی و کردنی بە کارگەی پیشەسازی.