ناوی 250 کەس بۆ خولی ئەفسەری بڵاوکرایەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان، لیستێکی دیکەی ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە بڕیارە لە دوای بینینی خولی سەربازی، وەک ئەفسەر دابمەزرێن.
لیستەکە ناوی 250 کەسی تێدایە و کۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالان داوایان لێدەکات، بە مەبەستی پشکنینی پزیشکی و تاقیکردنەوەی توانای لەش، رۆژی یەکشەممە سەردانی کۆلێژ بکەن.
ئەمڕۆ هەینی 28.7.2023، کۆلێژەکە لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی چاوپێکەوتنی پێشکەشکارەکان بۆ ئەفسەری وتی، “کۆلێژی سەربازیی سێی قەڵاچوالان لیستی دووەمی پرۆسەی چاوپێکەوتنی پێشکەشکاران بڵاودەکاتەوە و داوا لەو پێشکێشکارانە دەکات، کە ناویان لە لیستەکەدا هاتووە، ئامادەبن لە کۆلێژ لە کاتژمێر 07:30 خولەکی بەیانی، رۆژی یەکشەممە 30.7.2023، بە مەبەستی پشکنینی پزیشکی و تاقیکردنەوەی توانای لەش.”
کۆلێژەکە داواش دەکات، ئەو 250 کەس ئەم پێداویستیانە بهێنن لەگەڵ خۆیاندا: پێناسەی باری شارستانی یان (کارتی نیشتمانی) ئەسڵی، وێنەیەکی رەنگاوڕەنگ، جل و پێڵاوی وەرزشی.
کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان دەشڵێت، چاوپێکەوتن بەپێی لیستی بڵاوکراوە دەبێت و رۆژانە لیستی چاوپێکەوتن بڵاودەکاتەوە.