تۆپی سەرمێزی وڵاتانی عەرەبی لە سلێمانی دەستیپێکرد
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لەشاری سلێمانی 12 هەڵبژاردە لە پاڵەوانیەتی تۆپی سەر مێزی عەرەب کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی نازناو.
پاڵەوانیەتیەکە ئەمڕۆ هەینی لە هۆڵی کۆلیجی پەروەردەیی زانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، فیدراسیۆنی تۆپی سەر مێزی وڵاتانی عەرەبی چاودێری پاڵەوانیەتییەکە دەکات.
هێڤی تەها ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی سەرمێزی عێراق بە 964ـی راگەیاند، بڕیار بوو 14 هەڵبژاردە بەشداربن، بەڵام بەهۆی کێشەی دابینکردنی ڤیزا، هەڵبژاردەکانی سودان و فەڵەستین نەیانتوانی بەشداربن.
ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی سەرمێزی عێراق ئەوەشی وت، ئەو رێکخستنەی کە بۆ پاڵەوانیەتییەکە کراوە، بووەتە جێگەی دەستخۆشی لای بەرپرسانی فیدراسیۆنی ئاسیا و وڵاتانی عەرەب، کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە ئامادەسازییەکی باش کراوە.
بڕیارە پاڵەوانیەتی تۆپی سەر مێزی وڵاتانی عەرەبی، لە 28.7 تاوەکو 3.8.2023 بەردەوام دەبێت، 12 هەڵبژاردە بەشداریان کردووە، ئەوانیش هەڵبژاردەکانی میسر، جەزائیر، تونس، سوریا، قەتەر، سعودیە، ئەردەن، یەمەن، بەحرەین، لوبنان، عومان و عێراقن.
هەڵبژاردەی تۆپی سەرمێزی عێراق کە لە پێنج ئاستی جیاواز بەشداریکردووە، لە کۆی 20 یاریزان 12 یاریزانیان کوردن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی