کەی لینکەکەی کۆمسیۆن کارا دەکرێتەوە؟
964+
فەهمی نەبی
دوای ئەوەی کردنەوەی لینکی کۆمسیۆن بۆ ماوەی یەک رۆژ کارا کرا، بەڵام درەنگانی شەوی رابردوو کێشەی تێکەوت و لە هەرێم وەستا، بەرپرسێکی کۆمسیۆن دەڵێت، ئەوە کاتییە.
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لینکی وەرگرتنی کارمەندی چاودێری رۆژی هەڵبژاردنی بڵاوکردووەتەوە، بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمسیۆن، هێشتا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی هەرێم بتوانن لینکەکە پڕ بکەنەوە.
ئەحمەد مازن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی لقی هەولێری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ی وت، بەهۆی هەندێک هەڵەی تەکنیکیەوە لینکەکە وەستاوە، تا رۆژی یەکشەممە چاک دەبێت.
ئەحمەد مازن دەڵێت، دروستبوونی کێشە لە لینکەکە بەهۆی زۆری فشار بووە و خەڵکێکی زۆر لە یەک کاتدا لینکەکەیان بەکارهێناوە.
بە گوێرەی رێنماییەکانی کۆمسیۆن فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و دەرچووانی ناوچەکانی مادەی 140 دەتوانن ئەو لینکە پڕبکەنەوە، وەک کەرکوک، موسڵ، مەخمور و خانەقین.
بڕیارە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەنجام بدرێت، بەبێ هەرێمی کوردستان.
لێرە لینکەکە بەردەستە.