شارۆچکەی گۆپاڵە. فۆتۆ: 964
“ئەگەر ئاو بەفیڕۆ بدەن ئاوتان لێ کەم دەکەینەوە”
+964
هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ
بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی گۆپاڵە، لە پۆستێکی فەیسبووکدا داوا لە دانیشتوانی گۆپاڵە دەکات، دەست بە ئاوی خواردنەوە بگرن و بەفیرۆی نەدەن، چونکە ناوچەکە لە ژێر فشارێکی زۆری بێئاویدایە.
شارۆچکەی گۆپاڵە تاکە شوێنە لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، رۆژانە کاتژمێرێک ئاوی خواردنەوەی پێدەدرێت، بەڵام قەزای چەمچەماڵ 10 رۆژ بۆ 1 رۆژ جارێک دوو کاتژمێر ئاوی خواردنەوەی پێدەدرێت
بە گوێرەی لێدوانی هاوڵاتییەکی گۆپاڵە، کە دەنگی لای 964 پارێزراوە، “رۆژانە” ئاوی خواردنەوە بە دانیشتووانی شارۆچکەکە دەدرێت.
مەریوان سەمەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی گۆپاڵە بۆ 964 وتی، “لە شارۆچکەی گۆپاڵە کێشەی کەمئاویمان نییە، بەڵام ئەو ئاوەی دەدرێت بە هاوڵاتیان، نابێت بەر دەرگە و سەیارەی پێ بشۆن و باخی پێ ئاوبدەن، چونکە ناوچەکە بە قەیرانی بێئاویدا دەڕوات، ئەگەر هاوڵاتیانی گۆپاڵە زیادەڕۆێی بکەن لە بەکارهێنانی ئاودا، ناچارین ئەو رێژە ئاوە کەم بکەینەوە و خشتەی پێدانی ئاو بگۆڕین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا