ئەو هێزەی دوو گەنجە كوردەكەیان كوشت دەستبەسەر كران

+964
كاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەو هێزەی تەقەیان لە دوو گەنجەکەی کەرکوک کرد دەستگیرکران، ئەمەش بە پێی وتەی پۆلیسی کەرکوک.

شەوی هەینی 28.7.2023 دوو گەنجی كوردی دانیشتوی گەڕەكی كوردستان لە كاتی گەڕانەوەیان لە كاری نانەوایی، لەلایەن هێزێکی ئاسایشی نیشتیمانییەوە لە گەڕەكی دۆمیز تەقەیان لێکرا و کوژران.

موقەدەم عامر نوری شوانی، وتەبێژی فەرماندەی پۆلیسی كەركوك بۆ 964 وتی، “هێزێکی ئاسایشی نیشتیمانی، بە تەنیا لەو شوێنە بازگەیان داناوە، ئەو دوو گەنجە لە نزیك ئەو پردەوە تێپەریوون و مەفرەزەكە گومانی لێیان هەبووە و تەقەی لێ كردوون، ئەو مەفرەزەیە كە پێكهاتبوو لە پێنج كەس، دەستبەسەر كراون و لەژێر لێكۆڵینەوەدان”.

شێركۆ محەمەد، مامی یەكێك لە كوژراوەكان بە 964-ی وت، “برازاکەم كاری نانەوایی دەكرد لە چێشتخانەیەك، رۆژانەكەی 20 هەزار دینار بووە، بۆ ئەوەی نەچێتە ناو بازگەکە و ماتۆڕەكەی دەستبەسەر نەكرێـت و 50 هەزار دینار پارەی سزای هاتوچۆ نەدات، ئەو هێزە تەقەی لیکردوون و كوشتوویانە”.

وتیشی، “چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەین، بەیانی ئەمڕۆ شەممەش تەرمەكانمان وەرگرتەوە و ناشتمانن”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی