چەمچەماڵ.. مامۆستایەکی ٣٨ ساڵ لە رووداوێکی تەموموژاوی بە چەک گیانی لەدەستدا

+964

هۆگر عەدنان

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ـی کانونی یەکەم، گەنجێکی تەمەن ٣٨ ساڵ، نزیک لە دادگای چەمچەماڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا لە رووداوێکی تەموموژاویدا بە فیشەک گیانی لەدەستدا.

+964 دەزانێت، گەنجەکە ناوی (د. ع. ع.)ـەو خەڵکی گوندی تاڵەبانی سەر بە ناحیەی شۆڕشی سنووری قەزای چەمچەماڵە، خێزاندارەو باوکی سێ منداڵەو هاوژینەکەشی پیشەی مامۆستایە، خۆیشی مامۆستای زمانی ئینگلیزییە لەیەکێک لەقوتابخانە بنەڕەتییەکانی چەمچەماڵ و دانیشتووی چەمچەماڵە.

دکتۆر شەریف رەحیم، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ +964 راگەیاند ” دوای ئەوەی هەواڵی برینداربوونی گەنجێکمان پێگەیشت تیمی تەندروستیمان نارد بۆ شوێنی رووداوەکە، بەڵام پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداو ئاسەواری فیشەک بەسەر سینگیەوە هەبوو”.

وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ وتیشی” دوای رێکارە یاساییەکان، تەرمی گەنجەکە رەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کرا، چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دەکەین  بۆ یەکلایی کردنەوەی کەیسەکە”.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ کە نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێ بە +964 راگەیاند؛ لێکۆڵینەوەمان دەستپێ کردووە، رووداوەکە بە دەمانچەی علوج بووەو کەمتر لەیەک مەتر ئەنجامدراوە، ئەو کەسەشی گولەکەی بەرکەوتووە لەناو ئۆتۆمبێلەکەی بووە.

سەرچاوەکەی پۆلیس وتیشی “ئەم مامۆستایە پێستر هیچ کێشەیەک و کەیسێکی لەلای پۆلیس نەبووە”.