هەولێر رۆژانە 200 بوتڵ خوێن دەبەخشێت

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

بانکی هەولێر بۆ خوێنبەخشین جمەی دێت لەو هاوڵاتیانەی دەیانەوێت خوێن ببەخشن، رێکخراوێک 150 ئەندامی خۆی هێناوە خوێن دەبەخشن، بەرپرسی بەشی خوێنوەرگرتن دەڵێت، رۆژانە هاوڵاتیان 200 بوتڵی خوێن دەبەخشن.

ئەمڕۆ شەممە، بانکی خوێن لە شاری هەولێر هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ نەخۆشانی تاڵاسیمای و شێرپەنجە.

رێکخراوی بارز بۆ خوێنبەخشین، کە رێکخراوێکە زۆربەی ئەندامەکانی هێزە ئەمنییەکانن، زیاتر لە 150 ئەندام بەشدارییان کرد و خوێنیان بەخشی.

عەبدوڵا تەیب، بەرپرسی رێکخراوی بارز بە 964ی وت، “رێکخراوەکەمان 10 هەزار ئەندامی خوێنبەخشی هەیە، ئەمساڵ هەشتەمین هەڵمەتە ئەنجامی دەدەین”.

د.وریا کریم بەرپرسی بەشی خوێنوەرگرتن لە بانکی خوێن بە 964ی وت، “ئێمە بەڵانسەکە رادەگرین بۆ خوێنبەخشان، رۆژانە هاوڵاتیان نزیکەی 200 بوتڵی خوێن دەبەخشن”.
بە پێی زانیارییەکانی بانکی خوێن لە هەولیر، لە ساڵی رابردوودا 14 هەزار و 136 بوتڵ خوێن دراون بە تووشبووانی تالاسیما و 11 هەزار و 250 بوتڵی دیکەش دراون بە نەخۆشخانەی نانەکەلی.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی