له‌ عەلوە بچووكه‌كانه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌كانى پێنجوێن ده‌گاته‌ شاره‌كان

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ رێگه‌ى عه‌لوه‌ى بچووكه‌وه‌، جوتیارانى پێنجوێن به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانیان بۆ شاره‌كانى هه‌رێم ده‌نێرن، جوتیارێكیش ده‌ڵێت، ئه‌م عه‌لوه‌ بچووكانه‌ بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى سه‌ره‌كى ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان.

عه‌لوه‌ بچووه‌كه‌كانى پێنجوێن، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ بوونیان هه‌یه‌، تا به‌رهه‌مى جوتیارانى پێنجوێن هه‌بێت ده‌كرێنه‌وه‌ و دواتریش داده‌خرێن.

عه‌لوه‌كان وه‌ك بازاڕێكی كاتى، له‌سه‌ر جاده‌ى سه‌ره‌كى پێنجوێن – گه‌رمگ، له‌ دار و حه‌سیر و په‌رده‌ دروستكراون و له‌ناو هه‌ر عه‌لوه‌یه‌كیشدا كیلۆ و ته‌رازووى كێشانى به‌رووبومه‌كان دانراوه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جوتیاران ده‌زانن رۆژانه‌ به‌ڕێژه‌ى چه‌ند فرۆشیاره‌كان به‌روبومه‌كانیان ده‌كڕن.

محه‌مه‌د كه‌ریم، یه‌كێك له‌ جوتیاره‌كانى پێنجوێن‌، به‌ 964ـى وت، ئه‌و عه‌لوه‌ بچووكانه‌ رێگایه‌كی دووریان بۆ كورت كردوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌ڵێت “پێشتر ده‌بوایه‌ لێره‌وه‌ خۆمان به‌رهه‌مه‌كانمان ببه‌ینه‌ شاره‌كان، به‌ڵام ئێستا كارئاسانى زۆرمان بۆ كراوه‌”.

به‌قسه‌ى ئه‌م جوتیاره‌ به‌رهه‌مى جوتیاره‌كانى پێنجوێن بۆ شاره‌كانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و جارجاره‌ش بۆ هه‌ولێر و ناوچه‌كانى شاره‌زوور ده‌نێردرێت.

ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى ئێستا له‌ پێنجوێن پێگه‌یشتوون و له‌ بازاڕى ئه‌و عه‌لوانه‌دا هه‌ن، بریتین له‌ خه‌یار و بیبه‌ر و شوتى و كاڵه‌ك و بیاز.