بەرگریکارێکی ئارارات مانەوەی خۆی لە یانەکەی راگەیاند
964+
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
موحسین تەهای بەرگریکاری یانەی ئارارات سەرەڕای پێکانە دوورودرێژەکەی بڕیاری مانەوە لە یانەکەی دەدات و یانەکانی دیکەی کوردستان لە گواستنەوەی بێهیوا دەکات.
لە لێدوانێکدا موحسین تەها بە 964ی راگەیاند، “زیاتر لە ساڵێکە بەهۆی پێکانەوە دابڕاوم، بەڵام بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان دەگەڕێمەوە و ئامادەم”.
بەرگریکارەکەی ئارارات وتیشی، “یانەکەم منیان دەوێت و منیش دەمەوێت لەگەڵ ئەواندا بەردەوامبم، هیچ کێشەیەک لەمانەوەمدا نییە، هەرچەندە چەند یانەیەکیش هەوڵی ئەوەیاندا پەیوەندیان پێوە بکەم، بەڵام لە ئارارات دڵخۆشم و مانەوەم پێباشترە”.
موحسین بەهۆی پێکانی ئەژنۆکانی ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە یاریکردن دابڕاوە و نەشتەرگەری بۆ هەردوو ئەژنۆی کراوە، بەڵام ئەو لە ئێستاوە دەستی بە مەشقە سەرەتاییەکان کردووەتەوە بەهیوای ئەوەیە بۆ یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان ئامادەبێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی