کەشتیەک بە 3700 ئۆتۆمبێلەوە لەناو دەریادا دەسوتێت

964+

ژووری هەواڵ

پێنج رۆژە کەشتییەکی زەبەلاحی پاناما ئاگرێکی گەورەی تیا کەوتووەتەوە لە ناوەڕاستی دەریادا دەسوتێت.+کەشتییەکە زیاتر لە 3700 ئۆتۆمبێکی هەڵگرتووەو لە کەناراوەکانی ئەڵمانیاوە بەڕێکەوتووە بەرەو میسر، بەڵام لەپڕ ئاگرێکی تیا کەوتووەتەوەو لەدەست دەرچووەو ئێستا بۆیان کۆنترۆڵ ناکرێت، لەوە دەترسن کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی دروست بکات.
لە نیوەشەوی چوارشەممە تیمی کەشتییەکە ئێشکگری کەناراوەکانی هۆڵەندایان ئاگادارکردووەتەوە کە ئاگرێک لەناو کەشتییەکە کەوتووەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری خێراچوون بە هانای تیمی کەشتییەکەوە کە لە 23 کەس پێکهاتوون، یەکێکیان مردووەو 22 کەسەکەی تر بریندارن، چەند دانەیەکیان لە ترسی ئاگرەکە خۆیان فڕێداوەتە ناو دەریاوە.
نزیکەی 500 دانە لە ئۆتۆمبێلەکانی ناو کەشتییەکە کارەبایین، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەڵێن پاتری یەکێک لەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانە ئاگرەکەی دروست کردووە.
پیاوانی ئاگرکوژێنەوە چونەتە سەر کەشتییەکە، بەڵام بینیویانە لەوە گەورەترە کە بە ئەوان کۆنترۆڵ بکرێت، بۆیە چۆڵیان کردووە.
دوای ئەوە هەوڵیانداوە کە دوورەوە ئاوی بۆ فڕێبدەن، بەڵام بڕێکی زۆری ئاو لەسەر کەشتییەکە کۆبووەتەوەو لەوە ترساون نوقوم ببێت، بۆیە وازیان لەوەش هێناوە.
دوای ئەوە بە کەشتییەکی تر کەشتییە گڕگرتووەکەیان بردووەتە کەنارێکی هۆڵەندا تا رێی هاتوچۆ نەگرێت، ئەمڕۆ بەرپرسانی هۆڵەندا دەڵێن دوکەڵەکەی کەم بووەتەوەو پلەی گەرمای ناو کەشتییەکە دابەزیوە، بەڵام هێشتا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.