كه‌مى كاره‌با له گوندەکانی خەلیفان
به‌رۆژ له‌به‌ر گه‌رما ده‌سوتێن و به‌شه‌ویش له‌ده‌ره‌وه ده‌خه‌ون
964+
ئاکام غەفور-خەلیفان
زیاتر لە 55 گوندی خەلیفان لە رۆژدا تەنها سێ کاتژمێر و نیو كاره‌با و لە شەو و ڕۆژێکیشدا 10 بۆ 12 کاتژمێر کارەبایان هەیە، هۆكاره‌كه‌ش نه‌بوونى مۆلیده‌ى ئه‌هلیه له گونده‌كان.
رۆژانه له كاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ تاوه‌کو 03:30 عەسر کارەبایان هەیە، شەوانیش له كاتژمێر 6:30 ئێوارە تاوه‌کو دووی شەو کارەبایان پێده‌درێت.
ئارام محه‌مه‌د، دانیشتوێکی دۆڵی ئالانەی سه‌ربه خه‌لیفانه، بە 964ـى وت ”بەم چلەی هاوینە کارەبا نیە بە رۆژ دەسوتێین لە گەرما و شەوانیش ناچارین لە دەرەوە بخەوین لەبەر بێ کارەبایی”.
ئاماژه به‌وه‌ده‌كات هەموو سالێک لە وەرزی هاوین ئه‌وه حاڵیانه به‌ده‌ست كاره‌باوه و ده‌ڵێت “وامان لێ هاتوە گوندەکان چۆڵبکەین.”
964 پەیوەندی بە باقی جەبار، بەڕێوه‌بەری فەرمانگەی کارەبای خەلیفان كرد ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد كه له وه‌رزى هاویندا كێشه‌ى كاره‌باى نیشتمانیان بۆ دروست ده‌بێت، به‌ڵام وتی “کێشەی ئێمە لە گوندەکان ئەوەیە کە مۆلیدەی ئەهلیان نیە”.
روونیشیكرده‌وه كه تاکو تەواوبوونی وەرزی هاوین خشتەی کارەبا هەر بەم جۆرە دەبێت و زیاد نابێت.
لایخۆشییه‌وه، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوه‌بەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە 964ـی راگه‌یاند، هەفتەیەکە بەهۆی بوونى کێشە لە وێستگەی خەبات دوو کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی کەمیکردوە، به‌ڵام ده‌شڵێت “لە چەند رۆژی داهاتوودا، ئەو دوو کاتژمێرە زیاد دەبێتەوە وەک جاران 12 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت”.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن