ئەمڕۆ کۆتا رۆژە

وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەکەی عێراق کۆتاییدێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ئەمڕۆ یەکشەممە 30.7.2023، ئەو وادەیە کۆتاییدێت کە دیاریکرابوو بۆ تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، ماوەی یەک مانگی بۆ تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان دیاریکردبوو، کە لە 1.7.2023 دەستیپێکرد تا ئەمڕۆ 30.7.2023.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ماوەی ئەو مانگەدا 280 پارتی سیاسی و 24 هاوپەیمانێتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، لەو 24 هاوپەیمانێتییەی تۆمارکراون 15ـیان نوێن و نۆی دیکەشیان کۆنن.

بڕیارە رۆژی 18ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و لەسەر ئاستی عێراق 285 کەس بۆ ئەندامێتیی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێردرێن.