بۆ رێگریکردن لە خنکان

تیمی فریاگوزاری لە شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ جێگیر دەکرێن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەرگریی شارستانیی زاخۆ، تیمی فریاگوزاری لە نزیک رووبار و ئەو شوێنە گەشتیارییانەی مەلەوانییان تێدا دەکرێت جێگیر دەکات، دەیەوێت بەمە رێگری لە خنکانی هاوڵاتیان بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30.7.2023، رائید جەمال هەسن خەلیل، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە 964ـی وت، لە رۆژانی هەینیدا چاودێریی و گەڕانەکانیان چڕتر دەکەنەوە، هەر شوێنێکیش قەدەغە بێت بۆ مەلەکردن، رێگەنادەن مەلەوانی تێدا بکرێت.

“تیمە فریاگوزارییەکەی بەرگریی شارستانیی زاخۆ لە زیاتر لە 40 کەس پێکهاتوون، لە رۆژانی هەینیدا سەردانی رووبار و شوێنە گەشتیارییەکانی قەزای باتیفاش دەکەن، رائید جەمال هەسن خەلیل وای وت.

تەنیا لە ماوەی وەزری گەرمای ئەمساڵدا، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا نۆ کەس لە ئاودا خنکاون.

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 56 حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان روویداوە و ساڵی رابردوو 72 حاڵەتی خنکان هەبووە.