گفتوگۆی لیڤه‌رپوول و ئێمباپێ ده‌ستیپێكرد

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بۆ گواستنه‌وه‌ی كیلیان ئێمباپێی هێرشبه‌ری پاریس سانجێرمان كه‌وته‌خۆ و به‌ گوێره‌ی میدیای به‌ریتانیاش هه‌ردوو یانه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن.

ئێمباپێی فەڕەنسی بەهۆی دوورخستنەوەی لە کەمپی هاوینەی سانجێرمان قۆناغێکی سەخت تێدەپەڕێنێت، یانه‌كه‌ی فشاری له‌سه‌ر دروست كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕوات یان گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێبكاته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی یاریزانه‌كه‌ رایگه‌یاند گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌ هاوینی داهاتوو نوێ ناكاته‌وه‌.

بە گوێرەی زانیارییه‌كانی رۆژنامەی میره‌ری به‌ریتانی، یانه‌ی لیڤەرپوول لە گفتوگۆدایە لەگەڵ پاریس، سەبارەت بە گواستنه‌وه‌ی کیلیان بە شێوەی خواستن.

پێشتر باس لەوە کرابوو، پاریس ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری ئێمباپێ ببێت بە خواستن، بۆ ئەوەی لە وەرزی داهاتوودا پاداشتی دڵسۆزی و مووچەکەی نەدات.

رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، یاریکردن لەگەڵ لیڤه‌رپوول بۆ ماوەی یەک وه‌رز، رێگری ناکات لەوەی یاریزانە فەڕەنسییەکە بە خەونەکەی بگات، کە هاوینی داهاتوو لە رێگەی گرێبەستێکی بێبەرامبەرەوە بچێتە ریال مەدرید.

ئێمباپێ رایگەیاندبوو، دانوستانی لەگەڵ لیڤەرپوول کردووە پێش ئەوەی بچێتە پاریس سانجێرمان، بە تایبەتی کە یانەی سوورەکان یانە دڵخوازەکەی دایکیەتی.