نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ژووری تاکەکەسی بۆ تووشبووانی ئۆتیزم دابین دەکات

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

نەخۆشخانەی منداڵانی د. جەمال ئەحمەد رەشید لە سلێمانی، ژووری تایبەتی تاکەکەسی بۆ ئەو منداڵانە دابین دەکات، کە ئۆتیزم یان حاڵەتی ئیفلیجی تووندی مێشکیان هەیە و لە نەخۆشخانە دەمێننەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30.7.2023، د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی د. جەمال ئەحمەد رەشید بە 964ـی راگەیاند، لە نەخۆشخانە ژووری تایبەتمان هەیە کە لە هەر یەکێکیاندا جێگەی دوو نەخۆش دەبێتەوە، لە ئەمڕۆوە هەر منداڵێک کە ئۆتیزم یان ئیفلیجی تووندی مێشکی هەیە، یەک ژووری لەمانە بۆ دابین دەکرێت.

لیژنەی پزیشکیی تایبەتی نەخۆشخانەکە بڕیار دەدات لەوەی ئایا منداڵەکە تووشبووی یەکێک لەو نەخۆشیانەیە یان نا.

مەرجی نەخۆشخانەکە بۆ دابینکردنی ژووری تایبەت بەو نەخۆشانە ئەوەیە، “ژوورەکان نەگیرابن و لەو کاتەدا لۆدێکی زۆرمان لەسەر نەبێت”.

نەخۆشخانەکە دوو هاوەڵ لە رەگەزی مێ بۆ منداڵەکە دابین دەکات، یان دایک و باوک دەتوانن لەگەڵ منداڵەکەیاندا بمێننەوە.