زاخۆ بووە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە

964+
شڤان عەبدوڵا

ئەمڕۆ یەکشەممە لە قەزای زاخۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە کرایەوە.

بە قسەی وەزیری پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتییەکە بە ئامانجی سەربەخۆبوون و بەرەوپێشچوونی زیاتری پەروەردەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراوەتەوە.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، کە لە زاخۆ ئامادەی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە بوو، بە 964ـی وت، “ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ ئیدارەی زاخۆ و قەزای باتیفا، هەموو هەوڵێک دەدەین پەروەردەی دەڤەرەکە پێشبخەین”.

ئالان حەمە سەعید لە وەڵامی 964دا، کە ئایا بەڕێوەبەرایەتییەکە دەسەڵاتی دامەزراندنی وانەبێژی نوێی هەیە، بەڵێی کرد و وتی، “هەموو دەسەڵاتێکمان پێداون کە چەند وانەبێژیان پێویست بێت وەریان بگرن و هیچ پۆلێک بەبێ مامۆستا نەمێنێتەوە”.

هەر ئەمڕۆ، قوتابخانەیەکی 9ـی بنەڕەتی کچان لە زاخۆ کرایەوە، کە دوو نهۆمە و 12 پۆل لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە گەڕەکی تلکەبەر.

964 دەزانێت، بڕیاروایە بۆ وەرزی 2023-2024 دەوام لەو قوتابخانە تازەیەدا بکرێت.