16 گوندن

فیدەرێک کێشەی کارەبای گوندەکانی شێخ بزێنی چارەسەر دەکات

964+

پێشەوا محەمەد

فیدەرێکی نوێی کارەبا بۆ گوندەکانی ناوچەی شێخ بزێنی لە قەزای چەمچەماڵ دادەندرێت و کێشەی کارەبا و کەمی ڤۆڵتیەیان نامێنێت.

لە ساڵی رابردووەوە 16 گوندی ناوچەی شێخ بزێنی کێشەی کارەبایان هەبووە و بەهۆی بەکارهێنانی ڤۆڵتاجیشەوە فشارێکی زۆر کەوتووەتە سەر فیدەری کارەباکە و زوو زوو کارەبایان دەبڕێت.

ئەو فیدەرە لە ئاغجەلەرەوە هاتووە و لەو گوندانەش باخ و کشتوکاڵ و حەوزی ماسی زۆری لێ کراوەتەوە و خواست لەسەر کارەبا زیاتر هەبووە.

بەشێک لەو گوندانەی شێخ بزێنی بریتین لە؛ کانی هەنجیر، دڵناغاز ی گەورە و بچووک، گردخەبەر، قەسرۆک، قامیشە، سەرچنار، جەلەمۆرد، ئەسکەندەربەگقی، قودرەتا، ئاوبارە، مۆرخواردەی گەورە و بچووک و چەند گوندێکی دیکە.

ئەردەڵان محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “فیدەرەکە قۆناغی یەکەم بە 103 ملیۆن دینار و قۆناغی دووەم بە 100 ملیۆن دینار لەسەر ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای چەمچەماڵ جێبەجێ دەکرێت و لە ماوەی 45 رۆژدا تەواو دەکرێت”.

وتیشی، “قۆناغی سێیەم چاوەڕوانی خەرجکردنی بوودجەین بۆی لە لایەن پارێزگای سلێمانییەوە، چونکە رەزامەندییەکەی هاتووەتەوە و بە دانانی ئەو فیدەرە کێشەی کارەبای ناوچەکە چارەسەر دەبێت”.