كوردێك تویتەری فەرماندەیەكی سوپای پاسداران بە داخستن دەدات

كوردستان ئەحمەد- هەولێر

رەحیم رەشیدی، رۆژنامەنوسی کوردی دانیشتووی ئەمریکا دەڵێت، لەسەر داواکاریی ئەو، تویتەر هەژماری محەمەد پاکپووری سڕیوەتەوە کە فەرماندەی هێزە زەمینییەکانی ئێرانە.

رۆژی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ رەحیم رەشیدی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر داوایەك ئاراستەی كۆمپانیای تویتەر دەكات بۆ ئەوەی هەژماری محەمەد پاكپوور دابخات، ئەو کۆمپانیایەش داواكاریەكەی جێبەجێ دەكات.

رەشیدی نوسیبوی، “شەرمە بۆ كۆمپانیای تویتەر رێگە دەدات فەرماندەیەكی باڵای سوپای تیرۆریستی پاسداران بتوانێت هەژماری هەبێت و چالاكیەكیانی خۆی نمایش بكات، من داوا دەكەم ئەم هەژمارە دابخەن”.

رەحیم رەشیدی لە لێدوانێكیدا بۆ +964  وتی، “دوای رووداوی موشەكبارانكردنی كۆیە، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە سكاڵام لەسەر ئەو فەرماندە باڵایە لای تویتەر تۆماركرد و ئەمڕۆ وەڵامیان دامەوە كە هەژمارەكە بۆ هەمیشە داخراوە”.

محەمەد پاكپوور، فەرماندەی باڵای هێزە وشكانییەكانی سوپای پاسدارانی ئێرانە، زوو زوو لە تویتەرەکەیەوە هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرد.