زانکۆی دهۆک دوو بەشی نوێ دەکاتەوە

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

دوو بەشی خوێندن لە کۆلیژەکانی کارگێری و ئابووری و کولیژی پلاندانان لە زانکۆی دهۆک زیاد دەکرێن و بۆ ساڵی نوێی خوێندن خوێندکار وەردەگرن.

بەشی بازاڕسازی (مارکێتینگ Markiting) لە کۆلیژی کارگێڕی و ئابووری و بەشی پلانسازی شار لە کۆلیژی پلاندانان ئەو دوو بەشەن کە لە زانکۆی دهۆک دەکرێنەوە.

دکتۆر لوقمان هادی حەسەن، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی دهۆک بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە 964ـی وت، دیراسەتی بابەتەکەمان کردووە کەوا خواستی زۆری لەسەر هەبوو بۆیە ئیستا بڕیاڕمانداوە بە کردنەوەی ئەم بەشانە.

کردنەوەی ئەو دوو بەشە لە کاتێکدایە زانکۆی دهۆک ئەمساڵ بەشی گەشتوگوزاری داخست و خوێندکاری لێ وەرنەگرتووە، بەهۆی ئەوەی “خوێندکارێکی زۆر کەم رووی لە بەشەکە کردووە”. وەک دکتۆر لوقمان هادی حەسەن باسی دەکات.

کۆلیژی پلاندانان، یەکێکە لە کۆلیژەکانی زانکۆی دهۆک و تەنیا بەشی پلاندانانی شوێنی هەبوو، بە کردنەوەی ئەو بەشە نوێیە دەبێتە خاوەنی دوو بەش.

ئەو دوو بەشە دەرچووانی خوێندنی 2023-2024 وەردەگرن، هاوکات زانکۆی دهۆک لە پلانیدا هەیە بەشی زمانی فەڕەنسی و فارسی بکاتەوە، بەڵام دکتۆر لوقمان هادی حەسەن دەڵێت: بەهۆی نەبوونی ستاف نەتوانراوە ئەو دوو بەشە بکرێتەوە.

زانکۆی دهۆک، ساڵی 1992 دامەزراوە و ئەوکات تەنیا کۆلیژی پزیشکی و کۆلیژی چاندنی هەبوو، ئێستا خاوەنی 20 کۆلیژ و نزیکەی 23 خوێندکارە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق