دەربەندی رانیە.. گەنجێکی دیکە خنکا

964+

ژێوار خدر

کەمێک پێش ئێستا گەنجێک لە دەربەندی رانیە خنکا.

بەپێی زانیارییەکانی دەست 964 کەوتووە، کەمتر لە نیو سەعات دەبێت گەنجێک لە هەمان ئەو شوێنەی چوار رۆژ بەر لە ئێستا گەنجەکەی هەولێر خنکا بوو، ئەویش خنکاوە.

ئەو گەنجەی خنکاوە ناوی محەمەد عەلییە و تەمەنی 20 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی قولەی قەزای رانیەیە.

عەلی قادر، وتەبێژی بەرگری شارستانی رانیە بە 964ـی وت، لە خنکانی گەنجێک ئاگادار کراونەتەوە و تیمەکانیان رۆیشتوون بۆ دەربەندی رانیە بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی تەرمی گەنجەکە.

زیاتر وتیشی “تیمەکانمان بەردەوام لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی محەمەد”.

تاوەکو کاتژمێر 8:05 خولەکی ئەمشەو، تیمەکانی بەرگری شارستانی رانیە بەدوای تەرمی محەمەد عەلی گەڕان، دونیا تاریک داهات و تەرمەکەیان نەدۆزیەوە.

یەکێک لە غەواسەکان قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: محەمەد عەلی، ئەو گەنجەی خنکا، مەلەی نەزانیوە و بە چووپەوە چووبووە ناو ئاوەکە، بەڵام چووپەکەی لێ بووەتەوە و نەیتوانیوە بیگرێتەوە و بەهۆیەوە خنکاوە.

بەرگری شارستانی رانیە باسی لەوەشکرد لە سبەی بەیانییەوە جارێکی دیکە دێنەوە و دەست بە گەڕان دەکەنەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق