هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتی وەرگرتنی هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا. وێنە:وەزارەتی پێشمەرگە
پێدانی موچە بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا
964+
فەرمان سادق
بە هۆکارێکی نادیار موچەی مانگی تەمووزی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە راگیراوە و وەزارەتی پێشمەرگە پێیوتوون بۆ موچە سەردانی بانک نەکەن.
کەمێک پێش ئێستا پەیجی فەرمی لیوای 5ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، بڵاوی کردەوە کە بە هۆکارێکی نادیار کە “ئێمەش نایزانین چیە” دابەشکردنی موچەی مانگی تەمووزی راگیراوە.
سەرچاوەیەک لە لیوای 5ـی پیادە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ 964 راگیرانی موچەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەشدا کە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە پێیانڕاگەیەندراوە کە سبەی یەکشەممە 6.8.2023 موچەی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە دابەش ناکرێت.
وتیشی “هێندەی بزانین لە بانکەکان پارە هەیە، بەڵام هۆکارەکەیمان پێ نەوتراوە کە بۆچی راگیراوە”.
وەزارەتی پێشمەرگە 14 لیوای هاوبەشی هەیە کە موچەکەیان لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان دابین دەکرا، بەڵام راگیرانەکە هێزەکانی تری پێشمەرگە ناگرێتەوە کە لەو 25 ملیۆن دۆلارە هاوکارییەی هاوپەیمانان موچەیان بۆ دابین دەکرێت.
وەزارەتی پێشمەرگە بە ژمێریاری هەر چواردە لیوایەکەی راگەیاند، بۆ وەرگرتنی موچە هیچ کەسێک سەردانی بانکەکان نەکات تا ئەو کاتەی ئاگادار دەکرێنەوە.