مامۆستایانی کەلار لە رێگەی فیلم وانەکانیان وتەوە
964+
میلاد جەلال – کەلار
ڤیدیۆ
ژمارەیەک قوتابخانە و باخچەی ساوایان بۆ یەکەم جار لە کەلار فێستیڤاڵی کورتە فیلمی پەروەردەییان رێکخست و دەڵێن لە رێگەی سینەماوە منداڵان و قوتابیان فێر دەبن.
بۆ یەکەم جارە فێستیڤاڵێکی لەم جۆرە لە گەرمیان ئەنجام بدرێت، فێستیڤاڵەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان رۆژی ١٢ی کانونی یەکەم بە بەشداری ١٠ قوتابخانەی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان لە هۆڵی هونەر لە کەلار بەڕێوەچوو.
ھەر یەکە لە بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەکانی کەلار، کفری و خانەقین بەشداربوون و ١٠ کورتە فیلمیان نمایشکرد. ئەکتەری کورتەفیلمەکانیش مامۆستا و قوتابی خوێندندگە و باخچەکان بوون.
عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار بە 964+ی وت، “کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ساڵانی داھاتوو بەردەوامی ھەبێت و ھاوکار و پاڵپشتیان دەبین.”
حوسێن یەکێکە لە بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە کە بە کورتە فیلمی “پچڕان” بەشداریکردووە، ئەو بە 964+ی وت، “دڵخۆشن کە ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە ئەنجامدەدرێت، پێویستە بۆ ساڵانی داھاتوو ھاوکاری دارایی بکرێن بۆئەوەی بتوانن کاری باشتر بکەن.”
فیلمەکانی نێو فێستیڤاڵەکە لە بوارەکانی پەروەردە، ژینگە و تەندروستی بوون، جگە لە پەروەردەی گەرمیان، قوتابخانەی وانۆی ناحکومیش بەشدار بوو لە رێکخستنەکەیدا.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی رێزلێنان بەخشرا بە بەڕێوەبەری قوتابخانە و ژمارەیەک باخچەی ساوایان و دەرھێنەری کورتە فیلمەکان.