پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا بەهۆی داڕمانی دیوار

+964

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

پێشمەرگەیەکی هێزەکانی حەفتا لە کاتی دەوام گیانی لەدەستداوە و یەکێکی تر بریندار بووە، بە قسەی کەسوکاریان رووداوەکە بەهۆی رووخانی دیوار بووە.

هەردوو پێشمەرگەکە خەڵکی قەزای چەمچەماڵن و خێزاندارن، رووداوەکە کاتژمێر ١١:٠٠ی پێش نیوەڕۆی دوێنێ دووشەممە روویداوە، ئەو کاتەی چەند پێشمەرگەیەک خەریکی نان خواردن بوون لە بن دیوارێکدا لە بنکەی هێزەکانی حەفتا لە سلێمانی.

ئەو پێشمەرگانە سەرقاڵی دروستکردنی دیوارێک بوون لەناو بنەکەکدا بە شێوەی خۆبەخشیی، ئەمەیان بە قسەی لەتیف حاجی محەمەد، خاڵۆی ئەو ‌پێشمەرگەیەی گیانی لەدەستداوە.

+964 پەیوەندی کرد بە ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی حەفتا، ناوبراو رەتیکردەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی هیچ پێشمەرگەیەکی بیستبێت لەناو هێزەکانیاندا.

964+ پەیوەندی کرد بە جوامێر محەمەد ئەمین، برای ئەو پێشمەرگەیەی گیانی لەدەستدا، کە ناوی شامیل محەمەد ئەمینە و لەدایکبوی ساڵی ١٩٧٦ە.

“رۆژی یەکشەممە پێمان وترا وەرن بۆ نەخۆشخانە، کوڕەکەتان دیوار بەسەریدا رووخاوە و تەنیا قاچێکی شکاوە، بەڵام دوێنێ ئێوارە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا”، جوامێر محەمەد وای وت.

وتیشی، ئەوان ئاگاداری وردەکاریی رووداوەکە نین و لەوە زیاتر هیچیان پێ نەوتراوە، چاوەڕێن لە رۆژانی داهاتوو وردەکاری کەیسەکەیان بۆ روونبکرێتەوە.

هەر لەو رووداوەدا، پێشمەرگەیەکی تر بریندار بووە بە ناوی ئەکرەم فەرەج، دانیشتوی گەڕەکی قەرەهەنجیریەکانە لە ناحیەی شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ.

کاتژمێر ٩ی هەمان شەو تەرمی شامیل محەمەد لە گۆڕستانی هەمەوەندییەکانی چەمچەماڵ بە خاک دەسپێردرا، بەڵام رێگری لە رۆژنامەنوسان کرا رووماڵی مەراسیمەکە بکەن.