تەنها سلێمانی ئاهەنگێکی بچووک رێک دەخات
هەولێر و سلێمانی بەتەمای چین بۆ سەری ساڵ؟
+964
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەولێر جگە لە رازاندنەوەی شار هیچ پلانی تری بۆ سەری ساڵ نییە، لە سلێمانی جگە لە رازاندنەوە ئەگەری “ئاهەنگێکی بچووک” هەیە و لە دهۆکیش تا ئێستا هیچ پلانێک بۆ سەری ساڵی نوێ نییە.
ساڵانە و بە بۆنەی ساڵی نوێی زایینەوە، ئاهەنگی سەری ساڵ لە لایەن قائیمقامییەت و پارێزگای شارەکانەوە رێکدەخرێت، بەڵام ئەمساڵ ئەو کارە زۆر بایەخی پێ نادرێت.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر بە +964ـی راگەیاند، ئەمساڵ هیچ ئاهەنگێکی فەرمیی لە لایەن ئیدارەی پارێزگای هەولێرەوە رێکناخرێت، ئەوەی دەکرێت رازاندنەوەی هەندێ شوێنی هەولێر دەبێت و ئەو ئاهەنگانەی بەڕێوە دەچن هەر ئەو شوێنانەن کە کەرتی تایبەتن.
لە سلێمانیش بە هەمان شێوە ئەو پلانەی تا ئێستا هەیە تەنها رازاندنەوەیە، ئەگەرچی دەوترێت لەوانەیە ئاهەنگی بچوک بکرێت.
+964 لە زاری رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانییەوە دەزانێت، لە سلێمانی ئاهەنگێکی بچووک لە لایەن ئیدارەی پاریزگاوە دەکرێت، “هەرچەندە بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام شار دەڕازێنینەوە.”
لە پارێزگای دهۆک تا ئێستا نە بڕیاری رازاندنەوە هەیە نە ئاهەنگ.
جەوهەر عەزیز، قائیمقامی دهۆک بە +964 وت، “تا ئێستا هیچ پلان و بەرنامەیەک باس نەکراوە سەبارەت بە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ.”