خاوەن فڕنەکانی دهۆک هاواریان لێ هەستاوە

+964

عەمار عەزیز – دهۆک

خاوەنی زیاتر لە ٧٠ فڕنی نانەواخانە لە دهۆک هاواریان لێ هەستاوە، گلەییانە لە دەست خاوەن باڵەخانەکان کە ناهێڵن چیتر بە سیستمی غاز و بەکارهێنانی تانکی LPG کار بکەن.

لەناو ئەو خاوەن نانەواخانە و سەمونخانانەدا هەیە کە دوو هەفتەیە شوێنی کارەکەی داخستووە و کار ناکات.

کاروان دێوالی، نانەواخانەی هەیە، ١٥ رۆژە فڕنەکەی داخستووە، بەهۆی ئەوەی خاوەنی باڵەخانەکە رێگەی پێنەداوە سیستمی غاز کار پێ بکات.

ئەو بە +964 ی وت، “هەفتەی رابردوو لیژنەی هاوبەشی بەرگری شارستانی و قائیمقامیەتی دهۆک سەردانی فڕنەکەی منیان کردووە، دوای پشکنین رێگەیان پێداوم سیستمی غازی LPG بەکاربهێنم، بەڵام خاوەنی باڵەخانەکە بەهیچ شێوەیەک رازی نییە، بیانووی ئەوەیە، خێزانەکەی و منداڵەکانی دەترسن”.

964+ دەزانێت، ئەو خاوەن باڵەخانانە خۆیان و خێزانەکانیان لە نهۆمەکانی سەرووتری نانەواخانەکان دەژین.

ئێستا خاوەن فڕنەکان ناچارکراون بۆتڵی غازی ماڵان بەکاربهێنن، لە لایەن خاوەن باڵەخانەکان.

لە کەمتر لە مانگێکدا، ٢٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی غازی شل لە دهۆک و سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، جگە لە برینداربوونی ٤٣ کەسی دیکە.

بێوار عەبدولعەزیز، بەرپرسی راگەیاندن لە بەرگری شارستانی دهۆک بە +964ی وت، پێویست ناکات خاوەن باڵەخانەکان رێگریی لەو فڕن و سەمونخانانە بکات کە ئەوان سەردانیان کردوون و موڵەتیان پێداون، لە جیاتیدا، دەتوانن سەردانی دادگا بکەن و لەوێ کێشەکانیان یەکلابکەنەوە.

هەر سەبارەت بەو پرسە، 964+ پەیوەندی کرد بە ئەیاز سەعید، نوێنەری خاوەن فڕن و سەمونخانەکانی دهۆک، ئەو پشتڕاستی کردەوە کە زیاتر لە ٧٠ خاوەن فڕن گرفتیان بۆ دروستبووە لەسەر سیستمی غاز.

بە قسەی ئەو، لیژنە هاوبەشەکانی بەرگری شارستانی و قایمقامیەتی دهۆک، سەردانی زۆرینەی فڕن و سەمونخانەکانی کردووە، دڵنیابوونەوەتە لەوەی هیچ شوێنێک کێشەی لە سیستمی غازەکەیدا نییە.