سلێمانی هەزار و ٩٠٠ مێگاوات کارەبای پێویستە

کارەبا لە بەردەم گەڕانەوەدایە بۆ سەردەمی نۆرەی محاویلە

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

دانیشتوانی شاری سلێمانی داوای زیادکردنی کارەبای نیشتیمانی دەکەن، بەڕێوەبەرایەتیی کارەباش دەڵێت، ئێستا 10 کاتژمێر کارەبا دەدەن، ئەگەر زیاتر بکرێت دەبێت بگەڕێنەوە سەردەمی نۆرەی محاویلەکان.

+964 لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانییەوە دەزانێت، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام تەنها لە سلێمانی خواست لەسەر کارەبا بۆ هەزار و ٩٠٠ مێگاوات بەرز بووەتەوە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بە +964ـی راگەیاند، “ئێستا ئێمە دەتوانین تەنیا 10 کاتژمێر کارەبا بدەین، ئەگەر زیاتری بکەین دەبێت بگەڕێینەوە سەردەمی نۆرەی محاویلە”.

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا نۆرەی محاویلە بۆ پێدانی کارەبا هەبوو، بریتی بوو لە کوژاندنەوەی کارەبای چەند گەڕەکێک بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، ئەوەش بۆ ئەوەی کارەباکە بەشی گەڕەکەکانی تری سلێمانی بکات.