حاجی رەمەزان ناهێڵێت شەقامی پشتێنەیی كەلار تەواو ببێت

+964
میلاد جەلال – كەلار
ڤیدیۆ

حەوت ساڵە کەسێک بە ناوی حاجی رەمەزان رێگرە لە تەواوبوونی شەقامی پشتێنەیی قەزای كەلار بەهۆی ئەوەی ئامادە نییە خانووەكانی چۆڵبكات.

 حاجی رەمەزان محەمەد خاوەنی پێنج خانوو و باخێکە کە رووبەرەکەی ١٠ دۆنمە لە لایەن شارەوانی کەلار پێی وتراوە خانووەکانی دەکەوێتە بەرشەقام و دەبێت بڕوخێندرێت، ئەویش تاوەکو ئێستا رازیی نەبووە.

ئەو بە دوو دارشەقەوە لەسەر کورسیەک دانیشتووە و قسە بۆ +964 دەكات و دەڵێت، “من پێنج خانووم هەیە کە پێشتر ١٨٠ دەفتەرم پێداون، بەڵام ئێستا شارەوانی دەیەوێت بە قەرەبوویەکی کەم داگیری بکات، من ئامادەنیم هەرگیز چۆڵی بكەم”.

ئەمڕۆ لەلایەن دادگاوە کوڕێکیان دەستگیرکراوە و پێیان وتراوە تاوەکو واژۆی چۆڵکردنی خانووەکانیان نەکەن ئازاد ناکرێت، دەشڵێت، “خۆم و پێنج کوڕەکەشم دەستگیر بکەن و خانووەکان بڕوخێنن بەسەر خێزانەکەمدا ئامادەنین چۆڵیبکەن”.

 به‌شى سێیه‌مى شه‌قامى پشتێنه‌یی كه‌لار كه‌ له‌ فولكه‌ى شاره‌دێی گرده‌گۆزینه‌وه‌ دەسپێدەكات و دەچێتەوە سەر شەقامی سەرەكی  كەلار سلێمانی، ماوه‌ى زیاتر له‌ حەوت ساڵه‌ ته‌واونه‌كراوه‌.

محەمەد یەکێکە لە کوڕەکانی حاجی رەمەزان، بۆ 964+ وتی، باوکیان ئەو زەویەی بەرامبەر خانەنشینبوونی پێدراوە و مۆڵەتی شارەوانی کەلاریان ھەیە کە خانووی لەسەر بکەن، لە ساڵی ٢٠١٢ دوبارە خانووەکانیان نۆژەنکردووەتەوە بە رەزامەندی شارەوانی کەلار.

بە قسەی ئەو، پێشتر خانووەکانیان بەر شەقامەکە نەکەوتوون، دەڵێت، “بەڵام ئێستا ئاراستەی شەقامەکەیان گۆڕیوە و دەیانەوێت مۆڵ دروستبکەن بۆیە خانوەکانیان دەڕوخێنن”.

لەوبارەیەوە، ھێمن حەمید، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی گردەگۆزینە بە +964ی وت، بەپێی یاسا ھەر خانویەک بەر پرۆژە بکەوێت ئەبێت بڕوخێندرێت و لە بەرامبەردا قەرەبوو بکرێنەوە، ئەو ماڵانەش قەرەبوو کراونەتەوە، بەڵام بە قەرەبوەکە رازی نین و دەڵێن کەمە.

لە گەڕەکی جوتیارانی شاری کەلار قەرەبوو دراوە بە خاوەن خانوەكان كە بریتیە لە زەوییەكی  ٢٠٠ مەتری بەڵام حاجی رەمەزان قبوڵی ناكات.

 شەقامی پشتێنەیی کەلار درێژییەکەی ١٣ کیلۆمەتر و نیوە، لە گەڕەكی بەردەسورە دەستپێدەكات و نزیك دەبێتەوە لە سمود لە گوندی گردەگۆزینە تەواو دەبێت، چاوەڕێدەکرێت بە تەواوبوونی شەقامەکە قەرەباڵەخی ناو شاری کەلار کەم ببێتەوە و ئوتۆمبێلی بارھەڵگر بەناو شاردا تێنەپەڕێت.