ئێستا ئەمبوڵانسەکانی سلێمانی بەنزینیان تێدایە بەس بە کاتیی

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

دوای ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەمبوڵانسەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بەنزینیان لێبڕابوو، ئێستا بە شێوەیەکی کاتیی گرفتەکە چارەسەر کراوە.

سامان نادر، بەرپرسی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ١٢٢ بە 964+ی راگەیاند، ساڵانە دوو بۆ سێ جار ئەزمەی بەنزینیان بۆ دروستدەبێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی کاتی چارەسەر کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، نزیکەی ١٠ ھەزار لیتر بەنزینیان لەلایەن نەوەی نوێوە بۆ دابینکراوە و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانیش ١٠ ھەزار لیتری دیکەی بۆ دابینکردوون.

ئەو بەرپرسە نیگەران بوو، ئەو چارەسەرانەی بە کاتیی ناوبرد.

رۆژی ٨ی ئەم مانگە، ئەمبوڵانسەکان بەنزینیان لێبڕابوو، هەر کەسێک پەیوەندیان پێوە دەکردن، پێیان دەوترا “بەنزینمان نییە و خۆتان وەرن”.