964+ زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی لە زاخۆ بڵاودەکاتەوە

+964

شیڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ماوەی 11 ساڵە بڕیاردراوە پێنج هەزار پارچە زەوی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەسەر فەرمانبەران و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و پێشمەرگەکان دابەشبکرێت، سەرچاوەیەک بۆ 964+ ئاشکرای دەکات، بڕیارەکە وەکو خۆی ماوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەوی گونجاو دابەشنەکراوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە شارەوانی زاخۆ بە 964+ی وت، چەندین جارە بە نوسراو داوا لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کراوە، رەزامەندی لەسەر دابەشکردنی ئەو زەویانە بدرێت، بەڵام هەر جارە و هوکارێک دەدۆزنەوە و رەزامەندی دەرنابڕن.

964+ زانیویەتی، ماوەی ١١ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١١ەوە، بڕیاربوو پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و پێشمەرگە و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان دابەشکرێت، بەڵام هەموو جارێک بە بیانوویەک دوادەکەوێت و دابەشناکرێت.

عەلی نیعمەت، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی شارەوانی زاخۆ بە 964+ی راگەیاند، ئەو ناوچەیەی کە دەستنیشانکرابوو بۆ دابەشکردن،زەوی کشتوکاڵی بوو، لەبەر ئەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە، چاوەڕوانین بەزووترین کات جێگایەکی تر بدۆزنەوە و دەست بە دابەشکردنی زەوییەکان بکرێت.