لە دهۆک پڕۆژەیەکی پەروەردەیی مۆڵەتی وەبەرهێنان وەردەگرێت

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

پڕۆژەیەکی پەروەردەیی، کە قوتابخانەیەکی ٣٠ پۆلییە لە شاری دهۆک مۆڵەتی وەبەرهێنانی پێ دەدرێت و وەبەرهێنانی شارەکەش دەڵێت، ئەمساڵ تەنها ئەو پڕۆژە پەروەردەییە مۆڵەتی وەرگرتووە.

+964 دەزانێت، پڕۆژەکە بەناوی Montissoriـیەوەیە و لە بینایەکی دوو نهۆمی پێک دێت، قوتابخانەیەک و باخچەیەک لەخۆی دەگرێت.

سەڵاح حاجی حەسوو، بەرپرسی هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشیی وەبەرهێنانی دهۆک بە +964ـی وت، خوێندنگەکە ١٨ پۆل دەبێت، شەش هۆڵی تاقیگەیی و هۆڵی وەرزش و پارکی ئۆتۆمبێلی هەیە و ١٢ پۆلیش لە نهۆمی سەرەوە دەکرێت بە باخچە.

بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پڕۆژەکە بە سەرمایەی دوو ملیۆن و ١٨٩ هەزار و ٨٦٣ دۆلار و لە لایەن کۆمپانیای Haldnـەوە جێبەجێ دەکرێت و بڕیار وایە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بکرێت.

“ئێمە زۆر گرنگی بە وەبەرهێنان لە پەروەردەدا دەدەین، بەڵام تەنها ئەو داواکارییەمان بۆ هاتبوو بۆ مۆڵەت”، سەڵاح حاجی حەسوو وای وت.

یەکێک لە سیستمە پەروەردەییەکانی دونیا Montesoriـە، کە ساڵی ١٩٢٩ لە لایەن دکتۆر ماریا مۆنتیسۆرییەوە دامەزرێندراوە و چەندان لقی جیاوازی لێ بووەتەوە.