ویستویانە 70 هەزار کیلۆ ترشیاتی ماوەبەسەرچوو ساغ بکەنەوە

+964

مەجید بیتوێنی – رانیە

لە شاری رانیە دەست بەسەر ٧٠ هەزار کیلۆ ترشیاتی ماوەبەسەرچوودا گیرا، کە بڕیار بووە ببردرێتە هەولێر و لەوێ ساغ بکرێتەوە، بە قسەی قائیمقامیەت.

قائیمقامیەتی رانیە دەڵێت، کاتێک لیژنەکانیان سەردانی کارگەیەکیان کردووە بە ناوی (ئـ) چاویان کەوتووە بە هەزار دەبەی 70 کیلۆیی لە ترشیات، سەردانەکە بۆ ئەوە بووە کە خاوەنەکەی داوای گواستنەوەی کارگەکەی کردووە بۆ هەولێر.

کارزان سلێمان، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی قەزای رانیە بە 964+ی وت، “بۆمان دەرکەوت ماوەی دوو مانگە کارگەکە کار ناکات و ئەو ترشیاتەش هەڵگیراوە و بەو جۆرە تێکچووە و بۆنێکی زۆر ناخۆشی دروست کردووە.”

964+ دەزانێت، شوێنەکە داخراوە و قائیمقامیەت بڕیاریداوە خاوەنەکەی رووبەرووی یاسا بکاتەوە، هەروەها رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بە بەرچاوی راگەیاندنەکانەوە ترشیاتەکە لەناو دەبەن.