لە سۆران باڵی مریشکی زمزم قەدەغە کرا
+964
ئاسۆ فەیسەڵ – سۆران
لەسەر تێکردنی ئاو لەناو رانی مریشک، لیژنەی ئابووری قەزای سۆران باڵی مریشکی زمزمی تورکی قەدەغە کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ـی کانونی یەکەم، سانع ستار، سەرۆکی لیژنەی ئابووری قەزای سۆران بە +964ـی راگەیاند، دوایی ئەوەی لەلایەن هاوڵاتیەکەوە ئاگادار کراینەوە له هەبوونی جۆرە باڵێکی مریشک کە دەرزی لێدراوەو ئاوی تێکراوە، “دەستبەجێ لیژنەی ئابووری قایمقامەیەت بە یاوەری پزیشکی ڤێتێرنەری سەردانی شوێنەکەمان کردو پشکنیانمان بۆ باڵەکان ئەنجامدا، دەرکەوت شوێنەواری دەرزی لەسەر باڵەکان هەبوو، بۆیە بڕیاری قەدەغەکردنی درا”.
+964 دەزانێت، ئەو باڵە مریشکانە بەشێوەیەکی یاسایی لە مەرزی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، داخڵی کوردستان کراوە.
سانع ستار، زانیارییەکەی +964 پشتڕاست کردەوە، باسی لەوەشکرد کە باڵی مریشکەکە بۆ خواردن گونجاو نەبووە، ئەگەرچی بەشێوەیەکی یاسایی داخڵی کوردستان کراوە، وتی “نووسراوی تایبەتی هەیەو گومرگ کراوە، جێی سەرنجە چۆن داخڵ کراوە”.
پەیامنێری +964 دەڵێ؛ ئەو کەسانەی باڵی مریشکەکەیان فرۆشتووە نەفراونەتە دادگا، بەڵام پێیانوتراوە کە نابێت جارێکی دیکە لەو جۆرە باڵی مریشکە بفرۆشن.
سانع ستار، سەرۆکی لیژنەی ئابووری قەزای سۆران زیاتر وتی “گەڕانمان لەسەر کردووەو دەرکەوتووە بریکاری سەرەکی لە ئاکرێیە، پێمانڕاگەیاندووە بەهیچ شوەیەک رێگە نادەین ئەو جۆرە باڵە رەوانەی بازارەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەیت”.
لیژنەی ئابووری قەزای سۆران، لەسەر ئەو پرسە ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێریان ئاگادار کردۆتەوە.